العربية | English






        
لیستى سه‌ره‌كى
Skip Navigation Links
ماڵپه‌ڕ
ده‌رباره‌ى وه‌زاره‌تExpand ده‌رباره‌ى وه‌زاره‌ت
هه‌واڵ و چاڵاكیExpand هه‌واڵ و چاڵاكی
ئامار و توێژینه‌وهExpand ئامار و توێژینه‌وه
سكاڵای کەسوکاری شەھیدان
دادگای باڵای تاوانه‌كان
دۆكيۆمێنت
لێژنه‌ى باڵاى جينۆسايد
كتێبخانه‌
گه‌له‌ری‌Expand گه‌له‌ری‌
به‌سته‌ر
په‌يوه‌ندى
مارشی ئه‌نفال
راپۆرتی‌ چالاكییه‌كان

راپۆرتی كاروچالاكییه‌كانی به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی دهۆك له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2012


Anfal minister steps up efforts on international recognition of Kurdish genocide during London-Hague visit


هه‌لی دامه‌زراندن لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان


شوینی گۆرە بەکۆمەلە هەلدراوەکانی عراق لەسەر نەخشەی زیندوی گۆگل


نەخشەی شالاوەکانی ئەنفال
 
مەحموود حاجی‌ ساڵح: ٩٨٠٠٠ کەس مانگانە مینحەی شەهیدانە وەردەگرن کە دەکاتە‌ 40 ملیار دینار


 

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنە، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان باس لە کاروباری پەیوەندیدار بە وەزارەت بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان دەکاتەوە.

مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم گفتوگۆیەی ئاوێنەدا دەڵێت "پرۆژە بڕیارێکمان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ یەکخستنی مینحەی کەسوکاری شەھیدان‌و خانەنیشینی".

ئاوێنە: لەیاساکاندا شەھید کێیەو جۆرەکانی شەھید لەھەرێمی کوردستان چین؟
مەحموود حاجی ساڵح: شەھید پێناسەی خۆی ھەیە لەیاسای مافی ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیداندا:
١- شەھیدی سەنگەر ئەو کەسەیە کە لەکاتی بەرگری یان لەھێرشی بەرامبەر، لەسەنگەرەکانی پێشەوەی بەرامبەر بەداگیرکەرانی کوردستان شەھید دەبێت، ئەم جۆرە شەھیدە شەھیدی راستەقینەی پێدەڵێن.
٢- لەھەمان کاتدا شەھیدی جینۆسایدمان ھەیە، ئەمەش ئەو جۆرە شەھیدانە دەگرێتەوە کە کیمیاباران‌و ئەنفال‌و جینۆساید کراون.
٣- جۆرێکی تر لەشەھید، شەھیدی ھاووڵاتییە، ئەمەش ئەو شەھیدانە دەگرێتەوە کە بەھۆی کاری تیرۆر، یان تەقینەوە یان بۆمباران کردن، یان فرۆکە لێیداون، شەھیدی ھاووڵاتین.
٤- شەھیدی کۆڕەو ھەیە، کە لەکۆڕەوە ملیۆنییەکەی (مانگی ٤ تا ٧ی ١٩٩١) گیانییان لەدەستداوە.
٥- شەھیدی راپەڕینەکانی سەردەمی بەعس‌و رژێمەکان، بەھەمان شێوە بەشەھیدی سەنگەر ھەژمار دەکرێن.
٦- شەھیدی لەسێدارەدراو لەزیندانەکاندا، بەھەمان شێوە بەشەھید تۆمار دەکرێن.
لەبەرئەوە پۆلێنکردنی شەھیدەکان جۆراوجۆرن، بەڵام ئەوەی کە جیاوازە لە ئیمتیازاتدا تەنھا شەھیدی ھاووڵاتی ئیمتیازاتی نییە.
ئاوێنە: لەکۆی ئەو جۆرە شەھیدانەی کە باستکرد، ژمارەی راستەقینەی ئەو شەھیدانەی کە لەلای ئێوە تۆمارکراوە چەند شەھیدە؟
مەحموود حاجی ساڵح: ژمارەکە دەگۆڕێت، چونکە وارس دەمرێت‌و یەکێکی تر دێتە شوێنی، یان ھەندێکیان لەبەرامبەر یەکتردا دەستبەرداری ھەندێک ماف‌و ئیمتیازاتی خۆیان دەبن (تەنەزول بۆ یەکتر دەکەن)، بەڵام ئەوەی مانگانە مینحەیان پێدەدرێت، نزیکەی (٩٨،٠٠٠) کەسن، ئەم (٩٨،٠٠٠) کەسە مینحە لەوەزارەتی کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراوان وەردەگرن، کە مانگانە نزیکەی (٤٠ ملیار) دینارە.
ئاوێنە: وەزارەتی کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراون، تا چەند وەزارەتی تەواوی ئەو شەھیدانەیە کە گیانیان سپاردووە بۆ ھەرێمی کوردستان؟
مەحموود حاجی ساڵح: لەڕاستیدا ئەو وەزارەتە لەکۆی ھەردوو دەزگای شۆڕشی گەلی کوردستان‌و مەکتەبی شەھیدان لەسلێمانی‌و ھەولێر پێکھاتووە، نزیکەی ٨ – ٩  ساڵە ھەردوو ئۆرگانەکە ئەو وەزارەتەیان پێکھێناوە، کە پێی دەوترێت (وەزارەتی کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراوان). ھەموو ئەو شەھیدانەی لەسنوری ھەولێرو سلێمانی ھەبوون پێشتر لەو دوو ئۆرگانەدا تۆمارکراون، بۆیە ئێستا ھەموو شەھیدەکانی ھەرێمی کوردستان، یان باشووری کوردستان بەکەرکوک‌و ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە، لەچوارچێوەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراواندا ھەم مینحە وەردەگرن، ھەم ئیمتیازاتە جۆراوجۆرەکانی خۆیان پێدەدرێت.
ئاوێنە: پەیوەندیتان لەگەڵ کەسوکاری شەھیدان‌و ئەنفالکراواندا چۆنە، یان ھێڵەکانی پەیوەندیتان چییە؟
مەحموود حاجی ساڵح: بێگومان وەزارەتی شەھیدان‌و ئەنفالکراوان، بەتەنھا وەزارەتێکی مەکتەبیی ناو ئۆفیس‌و پشت مێز‌و کورسی نییە، بەڵکو وەزارەتێکی کۆمەڵایەتی‌و پەیوەندیدارە لەگەڵ ھەموو کەسوکاری شەھیدان‌و وارسەکاندا، بۆ نموونە لەچۆنییەتی چاوپێکەوتندا، تەنھا رۆژێک دیارینەکراوە بۆ بینینی ھاوڵاتییان، بەپێچەوانەوە ھەموو رۆژێک خەڵک دەبینین، ھیچ کاتێک نەبووە ھاوڵاتییەک ھاتبێت بۆ بینینی ئێمەو نەمانبینیبێت، تەنھا لەحاڵەتێکدا ئەگەر لەناو وەزارەتدا ئامادە نەبووبین. بەھەمان شێوە لەزۆربەی بۆنەو یادەکاندا، خودی خۆمان‌و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانمان بەشێوەیەکی مەیدانی بەشداری دەکەین‌و لەگەڵیاندا دەبین، ھەموو ئەو یادە ناخۆشانە دەکەینەوەو ھێندەی بۆمان بکرێت لەپرسەو بۆنەکاندا بەشداری دەکەین، بۆیە پەیوەندیی ئێمە، پەیوەندییەکی ئۆرگانی یان روحییە لەنێوان وەزارەت‌و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان‌و ئەنفالکراوان‌و زیندانیانی سیاسی.
ئاوێنە: شوێنی ئەو یەکتربینینە چ شوێنێکە، بۆنمونە ئەگەر ھاوڵاتییەک بیەوێت تۆ ببینێت چۆن دەتوانێت پەیوەندیت پێکەوەبکات‌و بێتە لات؟
مەحموود حاجی ساڵح: تا چەند مانگێک لەمەوپێش ھەموو رۆژێکی پێنج شەممە، لەبەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەھیدانی گشتیی سلێمانی چاوپێکەوتنم لەگەڵ خەڵک ھەبووە، جگە لەوەش شوێنی تر ھەیە، کە رۆژانی شەممە ھەر ھاوڵاتییەک پێویستی بەمن بووبێت، چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردووەو کارەکانم بۆ ئاسان کردووە.
ئاوێنە: پێگەیەکی تایبەتتان ھەیە، مەبەستم ئەوەیە سوودتان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەرنەگرتووە، یان ھێڵێکی تایبەتتان نییە؟
مەحموود حاجی ساڵح: ھێڵمان ھەیەو خودی خۆشم لەسەر ھێڵم‌و بەردەوام وەڵام دەدەمەوە، لەگەڵ ئەوەش سایتمان ھەیەو لەسەر ھەموو دۆسییەکان ژمارەی تەلەفۆن ھەیە، ھەر کێشەیەک ھەبێت پەیوەندی راستەوخۆم ھەیە لەگەڵیان.
ئاوێنە: بابەتی بینینەکان بەچ شێوەیەکە، بۆنمونە داواکاری کەسوکاری شەھیدان چییە؟
مەحموود حاجی ساڵح: سکاڵا ھەیە، بۆنمونە دەڵێت "پلەی شایستەم پێنەدراوە"، یان دەیەوێت پلەکەی بەرزبکرێتەوە، یان کێشەی یاساییان ھەیەو وارسەکان لەناو خۆیاندا رێکناکەون، یان مەسەلەی (زەوی، خوێندن، تەندروستی، روفات)ـە، یان بەدواداچوونە بۆ گۆڕێک، واتا جۆرەھا کار ھەیە لەوەزارەتی کاروباری شەھیدان‌و ئەنفالکراوان‌و پەیوەندییەکانیش راستەوخۆن.
ئاوێنە: بەوپێیەی پلەی وەزیرت ھەیەو وەزارەتێکی گرنگ بەڕێوەدەبەیت، کە بۆ ئەو کەسانەیە قوربانیی گەورەیانداوە لەپێناو ئەم ئازادییەی لەھەرێمی کوردستاندا ھەیە، تاچەند دەسەڵاتتان ھەیە لەتەواوی ھەرێمی کوردستاندا، راستە دەسەڵاتەکان دیاریکراوە، بەڵام تاچەند زۆنەکان تێدەپەڕێنێت؟
مەحموود حاجی ساڵح: دەسەڵاتی ئێمە لەچوارچێوەی یاسادایە، چەند یاسایەکمان ھەیە، بۆ نموونە یاسای بنەڕەتی وەزارەتمان ھەیە، کە پێکھاتەی وەزارەتە، یاسایەکمان ھەیە مافی ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدانە، ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی کە بۆ کەسوکاری شەھید‌و ئەنفال ھەیە، لەو یاسایەدا روونکراوەتەوەو زانیارییەکانمان پێدەرکردووە. یاسایەکی ترمان ھەیە، یاسای سندوقە، کە بەداخەوە لەو کاتەی ئێمە رۆیشتووین، ھیچ ھاوکارییەک نەبووە، تاکو بتوانرێت ھاوکاری بۆ ئەو سندوقە کۆبکرێتەوەو بکرێتە پرۆژە بۆ کەسوکاری شەھیدان‌و ئەنفالکراوان. بۆیە ئێمە بەپێی ھەریەک لەو یاسایانە مامەڵە لەگەڵ کەسوکاری شەھیدان دەکەین، پەیوەندیی بەزۆنەوە نییە، لەھەر شوێنێک بێت یەک پێناسە ھەیە بۆ شەھید‌و ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێناسەیە دەکەین، راستە دەسەڵاتیش ھەیە، بەڵام رەنگە دەسەڵاتی دارایی نەتوانێت وەکو پێویست خزمەت بکات، ھەروەھا سەردانیش ھەیەو بەردەوام پەیوەندیمان ھەیە، لەگەڵ ئەوەش لەھەموو شوێن رێگری ھەیە.
ئاوێنە: رێگرییەکان بەچ شێوەیەکە؟
مەحموود حاجی ساڵح: بۆ نموونە نوسراوێک دەکەین کە رەنگە بە٦ مانگ وەڵامت نەدرێتەوە، کە حەقە لەماوەی یەک ھەفتەدا وەڵامت بدەنەوە، ئەو ٦ مانگە جۆرەھا کێشە دروستدەکات بۆ وەزارەتەکەو ئەو کەسەی پێشنیارێک دەکات، بۆنمونە زیاتر لە٣ ساڵە پرۆژە بڕیارێکمان ناردووە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ یەکخستنی مینحەی کەسوکاری شەھیدان‌و خانەنیشینی، بۆنمونە (فەرماندەی لیوایەک) خانەنیشین دەکرێت (٢،٢٠٠،٠٠٠) دینار زیاتری پێدەدرێت، بەڵام ئەگەر شەھید ببێت (١،٠٩٢،٠٠٠) دیناری پێدەدرێت، واتا (١،٠٠٠،٠٠٠) دینار جیاوازی ھەیە، بەھەمان شێوە بۆ پلەو پۆستەکانی تر، بۆیە ئێمە پڕۆژەیەکی ھاوبەش‌و تەواوکەرمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەکردووەو رەوانەمان کردووە، بەڵام رەنگە ئەو بارودۆخە داراییەش کاریگەری ھەبێت، بەتایبەتی بۆ شەھیدانی پێش راپەڕین، بەڵام شەھیدانی دوای راپەڕین لەبەرئەوەی سەربازن‌و لەسلکی سەربازییدا ھەن، مووچەو دەرماڵەو پاداشتیان بۆ دیاریکراوەو ھیچ کێشەکیان نییە، بەپێی دوا مووچەی زیندوویەتی مامەڵە لەگەڵ شەھیدەکە دەکەین‌و مووچەی پێدەدەین، بەڵام وەک وتم ئەوەی کێشەو گرفتی ھەیە بۆ شەھیدانی پێش راپەڕینەو ھەوڵمانداوە چارەسەری بکەین‌و ئومێد دەکەین لەداھاتوودا چارەسەر بکرێت.
ئاوێنە: ئەگەر ویستتان چاکسازی بکەن لەلیستی خانەنیشینی‌و مووچەدا، وەکو پێویست لەھەموو لایەکەوە ھاوکاری دەکرێن؟
مەحموود حاجی ساڵح: چاکسازی پێش ھەموو شت ئیرادەی دەوێت، ئێمەش ئەو ئیرادەیەمان ھەیە، بەڵام پەیوەندیی بەلایەنی سیاسیشەوە ھەیە، بۆنمونە ئەگەر ئێمە دەست بۆ دۆسییەک ببەین، رەنگە گومان لەسەر ئەو دۆسییە ھەبێت، کە شەھید نەبووبێت، یان شەھیدبوونەکەی لەو ئاستە نییە کە وەکو شەھیدی سەنگەر تۆماربکرێت، دەیان پشتگیری‌و نامەی تێدایە، ئەمەش پێویستی بەرێککەوتنی سیاسی ھەیە.
ئاوێنە: پشتگیری لەچ لایەنێکەوە؟
مەحموود حاجی ساڵح: پشتگیری لەناوچە، لق، مەکتەبی سیاسی، کۆمیتەو مەڵبەندەوە ھەیە، بەتایبەتی وەک ئاماژەم پێدا بۆ شەھیدانی پێش راپەرین زیاتر گرفتمان ھەیە، چونکە دوای راپەرین وەزارەتی پێشمەرگە ھەیەو ھەموو دۆسییەکان بەپاکی بۆ ئێمە دەنێرێت، بۆیە ئێمە ماوەیەکی زۆرە داوادەکەین پێداچوونەوە بۆ سەرجەم دۆسییەکان بکرێت، کە ھیوادارین ببێتە کاری داھاتوومان‌و لیژنەیەکی فراوانی بۆ پێکبھێنین، کە دەستەی دەستپاکی، چاودێری دارایی،  پەرلەمان، ئەنجومەنی دادوەری‌و مافی مرۆڤی تێدابێت، واتا ھەموو ئەو لایەنانەی تێدابێت کە پەیوەندیدارن بەم لایەنەوە، بۆئەوەی مافی کەس نەفەوتێت‌و مافی کەسیش نەدرێت بەکەسێکی تر، ئەمەش پێویستی بەکاتێکی زۆرە.
ئاوێنە: ئەمە تەنھا ئاواتتانە، یان ھەنگاوتان بۆ ناوە؟
مەحموود حاجی ساڵح: نەخێر ھەنگاومانناوەو چەندینجار گفتوگۆمان کردووە لەسەر ئەو بابەتەو ھیوادارین لەداھاتوودا ببێتە پرۆژەیەکی سەرتاسەری‌و بڕیاری تەواوی لەسەر بدرێت.
ئاوێنە: پێتوایە لەئایندەی نزیکدا جێبەجێ دەکرێت؟
مەحموود حاجی ساڵح: ئاشکرا نییە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بیرمان لێکردۆتەوەو ماوەی ساڵێکە کاری لەسەر دەکەین‌و نوسراومان کردووە.
ئاوێنە: سەرنجی ئێوە چییە لەسەر مەسەلەی چاکسازی لەلیستی مووچەو خانەنیشینی لەھەرێمی کوردستان؟
مەحموود حاجی ساڵح: ئەوە شتێکی گشتگیرەو پرۆژەی ٦ یاسایە کۆکراوەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە قورسایی داراییان زیاتر کردووە لەسەر بودجەی حکومەت، کە من تەنھا دەتوانم لەسەر وەزارەتی شەھیدان‌و ئەنفالکراوان قسەبکەم، ئێمە بەھاوکاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران‌و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران ھەوڵمانداوە کە تائێستا مینحەی کەسوکاری شەھیدان‌و ئەنفالکراوان‌و جینۆسایدکراوان‌و زیندانیانی سیاسی ھیچ بڕە پارەیەکیان لێکەم نەکراوەتەوە، راستە دواکەوتووە وەکو ھەموو چینەکانی تر، بەڵام لێی کەمنەکراوەتەوە، لێرەو لەوێ ھەندێک شت دەبیستین، کە رەنگە یاساکەیان بەباشی نەخوێندبێتەوە، یان بەنییەتێکی تر قسەدەکەن‌و دەڵێن  "مینحە لەکەسوکاری شەھیدان بڕاوە، یان ئەوانەی مووچەیان ھەیە مینحەکەیان بڕاوە" زۆر شتی تریش، بۆیە دەمەوێت لێرەوە ھەندێک زانیاری بدەم بەھاوڵاتیان. داوای ئەوەی گفتوگۆیەکی زۆرمان لەسەر ئەو بابەتە کرد، شەھیدانە مینحەیەو مووچە نییە، واتا بەخشیش‌و بەخشینە، لەبەرامبەر قوربانیی شەھیددایەو دەدرێت بەکەسوکارەکەی یان بەمنداڵەکەی، ئەمە ھیچ منەتێکی تێدانییەو مووچە نییە، بۆیە ئەگەر مووچەشی ھەبێت، مینحەکەش وەردەگرێت، ئەمە لەلایەک. لەلایەکی تر، مینحە لەوارسی شەھیداندا (باوک، دایک، ھاوسەر، کوڕ، کچ، خوشک، برا‌و منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت) دەگرێتەوە، مینحە لەھیچ کام لەو وارسانە نەبڕدراوەو ناشبڕێت، بەڵام وارس ھەیە دوو مینحە وەردەگرێت، بۆنمونە مینحەیەک لەزیندانی سیاسی وەردەگرێت، مینحەیەکیش لەوەزارەتی شەھیدان وەردەگرێت، ئەمە بەپێی خواستی کەسەکەیە، دەتوانێت کام مینحەیەیان زیاتر بێت ئەوەیان ھەڵبژێرێت. خاڵێکی تر، ئەگەر وارسێک مرد، لەکاتێکدا شەھیدێک ٣ وارسی ھەیە، ئەگەر شەھیدەکە (٣٠٠،٠٠٠) دیناری ھەبێت، ھەر وارسێک (١٠٠،٠٠٠) دینار وەردەگرێت، ئەگەر یەکێک لەوارسەکان مرد، ئەو (١٠٠،٠٠٠) دینارە دابەشناکرێت، بەسەر دوو وارسەکەی تردا، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، بۆیە مینحەی کەسوکاری شەھیدان، نەکەمکراوەتەوە، نەلێیان دەبڕدرێت، ئەو کەسەی مووچەشی ھەبێت مینحە وەردەگرێت.

 

ئه‌رشيفى ماڵپه‌ڕى كۆنى وه‌زاره‌ت